دەزگای روانگە کۆمەکی لێقەوماوانی کەرکوک و دەوروبەری دەکات

کەسانی لێقەوماو | 19/10/2017
Rwanga Foundation Aids People Flee from Kirkuk

بەرواری ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، دەزگای روانگە  هاوکاری مرۆیی بەخشیە زیاتر لە ٧٠٠ خێزان کە  بەهۆی ناکۆکی سیاسیەوە لە کەرکوک و ناوچەکانی  دەوروبەری رویانکردۆتە شاری هەولێر. 

 زیرەک ژێدار، بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان و راگەیاندنی دەزگای روانگە گوتی ''کەسانی لێقەوماو سێکتەرێکە لە سێکتەرەکانی دەزگای روانگە، کە ئێمە باوەڕمان وایە بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی مرۆڤ هەنگاوێکە بۆ پاراستنی مرۆڤ و هەروەها پێشخستنی تواناکانی و پراکتیزەکردنی ژیانی خۆی بکات وەک مرۆژێکی ئاسایی- ئەو کورد و عەرەب و تروکمانانەی کە بە هۆی شەرەوە شار و ماڵەکانی خۆیانیان جێهێشت و روویان لەشارەکانی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر کرد. وەک بۆردی روانگە بڕیانماندا هاوکاری دەستبەجێ بگەیەنین، کە توانیمان هاوکاریەکانمان بۆ ٧٠٠ خێزانی لێقەومان دابین بکەین.''

هاوکاریەکان لە رێگەی چوار بارهەڵگرەوە  گوازرانەوە بۆ ئەو شوێنانەی کەسانی لێقەوماوی کەرکوک و ناوچەکانی دەروبەری لێ نیشتەجێبوون، کە پێکهاتبوون لە ٢٠٠٠ دۆشەک، ٢٠٠٠ بەتانی، ١٠٠٠ دایبی منداڵان، ١٢٠٠ قوتوی شیر، ٥٠٠ روناکی (گلۆپی شەحن) و ١٦٨٠٠ بوتڵ ئاو.

ئافرەتێکی تەمەن ٤٠ ساڵە، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بە چاوی پڕ گریانەوە گوتی '' زۆر سوپاسگوزاری خەڵکی شاری هەولێر و دەزگای روانگەین کە زۆر باشبوونە لەگەڵمان. ئێمە دوو خێزانین لە خانویەکی تەواو نەکراودا دەژین بەبێ پێداویستی سەرەتایی''.

بەهۆی ناکۆکی سیاسی، بە هەزاران خێزانی شاری کەرکوک و دەوروبەری روویانکردە شارەکانی هەولێر و سلێمانی. بەشێکی زۆری ئەوانەی روویانکردۆتە شاری هەولێر لە کۆمەكگەی نیشتەجێی دەشتی بەهەشت و ئاشتی دوو نیشتەجێبوونە.

شایەنی باسە رۆژی دواتر، دەزگای روانگە بەپێی داخوازی و ژمارەی خێزانەکان، ١٠٠٠ پاکێجی خواردنی بەیانی دابەشکردە سەر خێزانەکان.