لاوان

دەزگای روانگە خولی راهێنانی پیشەیی و بەرەوپێشبردنی تواناکان بۆ لاوانی ناحیەی قەسرۆك و شێخان پێشکەش دەکات

Thursday, January 16, 2020 2:12 PM

لە بەرواری ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دەزگای روانگە بە پاڵپشتی دارایی کۆمپانیای نەوتی گۆڵف کیستۆن کۆتایی بە کۆرسی خولی راهێنانی پیشەیی و بەرەوپێشبردنی تواناکان هێنا کە تێیدا زیاتر لە ١٢٠ لاوی ناحیەی قەسرۆك و شێخان سوودمەندبوون.

رێورەسمەکە لە سەنتەری لاوانی ناحیەی قەسرۆك و بە ئامادەبوونی ١٢٠ قوتابی سوودمەندبوو، ڕاهێنەرانی خولەکە، و چەند کەسایەتیەکی دیاری حکومەت کە پاڵپشتبوون بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکە بەڕێوەچوو.

ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە گەشەپێدانی توانای گەنجان بوو لە رووی راهێنانی پیشەیی و بەرەوپێشبردنی تواناکان تاوەکو تێگەیشتنێکی سەرەتاییان هەبێت دەربارەی زمانی ئینگلیزی و چۆنیەتی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بۆ دەستکەوتنی کاری شایستە لە بازاڕدا.

خولەکان گرنگی بە فێرکردنی زانیاریە سەرەتاییەکانی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر دابوو. خولەکە نزیکەی چوار مانگی خایاند. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ دەستیپێکرد و تاوەکوو کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بەردەوام بوو. هەفتەی پێنج رۆژ وانەکان پێشکەش دەکران. لە کۆتاییدا ( ٦٠ کوڕ و ٦٠ کچ) لە خولەکان سوودمەندبوون.

هەڤراز عبدی، راهێنەری خولی کۆمپیوتەر گوتی "لەم کۆرسەدا قوتابیانمان فێری چۆنیەت بەکارهێنانی کۆمپیوتەر کرد بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە هیچ زانیاریەکی سەرەتاییان سەبارەت بە کۆمپیوتەر نەبوو. هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی بەرنامەکانی 'مایکرۆسۆفت ئۆفیس'مان بۆ روونکردنەوە. هیوادارین ئەم جۆرە خولانە بەرداوام بن بۆ سوود گەیاندن بە قوتابیانی ناوچەکەمان".

رێورەسمەکە لە رۆژی ١٦ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، لە کاتی رێورەسمەکە بروانامەی بەشداربوون لە لایەن دەزگای روانگەوە پێشکەش بە قوتابیانی بەشداربووی خولەکان کرا.